سەردێڕ:
ڕاپۆرت

ڕۆژنامە .. وردەکاریی کۆبونەوەکانی لایەنە سیاسیەکان ئاشکرا دەکات

ڕۆژنامە :

یەکێتی و پارتی هەریەکەیان بەچەند رێگایەک هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمانی کوردستان لە سودی خۆیان کۆتایی پێبهێنن.

بەپێی زانیارییەکانی (ڕۆژنامە)، یەکێتی و پارتی بە ئاشکرا و نهێنیی، بە چڕیی هەوڵ دەدەن کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمانی کوردستان لەبەرژەوەندی خۆیاندا کۆتایی پێبهێنن و لە کۆبوونەوەکەی پەرلەماندا قورسایی و هەژموونی ناوخۆیی و هەرێمیی خۆیان پیشانی یەکتر بدەن.

هەرکەیەکەیان بۆ بردنەوەی گرەوی ململاملانێ و ناکۆکییەکانیان، دوور لە چاوی کامێراکان چەند کۆبوونەوەیەکیان لەگەڵ حزبەکانی دیکەدا کردووە و دەرئەنجامی ئەم کۆبوونەوانەش بڕیار لەسەر ئەنجامی کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمانی کوردستان دەدەن و ئەنجامی گرەوەکانیان ئاشکرا دەکات.

هەر بە پێی زانیاریەکانی (ڕۆژنامە)، بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامی لە چەند شوێن و کاتێکی جیاوازدا چاویان بە بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کەوتووە ئەمەیش نیگەرانی بەشێک لە کادیرانی کۆمەڵی لێ کەوتووەتەوە.

بەرپرسێکی کۆمەڵی ئیسلامی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە (ڕۆژنامە)ی ڕاگەیاند: لە ماوەی رابردوودا چەند دانیشتن و چاوپێکەوتنیک لە نێوان بەرپرسانی کۆمەڵی ئیسلامی و هەریەک لە قوباد تاڵەبانی، پاڤڵ تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ عەلی کراوە.

هەر بەپێی زانیارییەکانمان: سەرجەمی ئەو کۆبوونەوە نافەرمیانەی نێوان کۆمەڵ و یەکێتی ئامادەکاریی و رێگەخۆشەر بوون بۆ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (١٤ی شوباتی ٢٠١٩)ی نێوان هەردوو حزب.

دانیشتنەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و کۆمەڵی ئیسلامی یەکەم کۆبوونەوەی فەرمی نێوانیان دەبێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ماوە درێژ و بنج داکوتاو کە.

یەکێتی بەم رێکەوتنە دەیەوێت پشتیوانی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ پلانەکانی لەبەرامبەر پارتیدا مسۆگەر بکات و لەبەرامبەریشدا پشتیوانی کۆمەڵی ئیسلامی بێت بۆ بەدەستهێنانی زۆرترین پۆست لە نێو کابینەی حکومەتدا.

یەکێتی ئاڵۆزیی پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵ و پارتی قۆستووەتەوە و دەیەوێت ئەم حزبە لە هەولێرەوە بهێنێتەوە بۆ سلێمانی.

یەکێتی نایەوێت بەبێ یەکلابوونەوەی پۆستی پارێزگای کەرکوک، پشتگیریی پارتی بۆ کاندیدەکەی بۆ پۆستی وەزارەتی داد لە بەغدا و بەدەستهێنانی خواستەکانی لە کابینەی نوێیدا کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمان بکرێت.

یەکێتی لە ئەگەری یەکلانەبوونەوەی ئەم سێ پرسەدا دەیەوێت کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمان رەمزیی بێت و هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی تێدا نەدرێت.

لە بەرامبەردا پارتی هەموو هەوڵیک دەدات کۆبونەوەکە بکرێت و پارێزگاریی لە قسەڕۆیشتوویی خۆی بکات.

وەک ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی بە (ڕۆژنامە)ی راگەیاند، پارتی بۆئەوەی کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمان سەربگرێت، دوو ڕێگا دەگرێتە بەر؛

یەکەم، بەردەوامیدان بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ حزبەکانی دیکەدا، وەک کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ گۆڕاندا.

دووەم، پارتی بە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمان هەوڵی دروستکردنی کۆدەنگی دەدات لە نێوان حزبەکاندا.

لەگەڵ کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی یەکێتی و کۆمەڵدا، پارتیش ئەمڕۆ لەگەڵ گۆڕاندا کۆدەبێتەوە و دەیەوێت بە چەند پۆستێک گۆڕان بە مانەوە لە پیرمام قایل بکات. ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا گۆڕان هیچ پۆستێکی سیادیی بۆ یەکلا نەکراوەتەوە و ئەگەر هەیە پارتی ئەم سوپرایزە بۆ گۆڕان بکات.

سەرچاوەیەکی لە ناو بزوتنەوەی گۆڕان بە (ڕۆژنامە)ی ڕاگەیاند: بەشداریکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەماندا پەيوەستە بە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆیان لەگەڵ پارتي، واتە رێککەوتن لەسەر ئەو پاكێجەی كە ئامادەيان كردووە بۆ بەشدارييان لە حوكمەت و ئەو پۆستانەي كە پێيان ئەدرێت.

بەپێی زانیارییەکانی (ڕؤژنامە) سەرنەگرتنی کۆبوونەوەی سێ قۆڵیی نێوان یەکێتی و پارتی و گۆڕان پەیوەندیی بە هەوڵە شاراوەکانی هەردوو حزبەوە هەیە و ئەو کۆبوونەوەیەش بۆ سەرنج راکێشانی زیاتری حزبەکانی دیکە بووە.

ئەمڕۆ پارتی بە مسۆگەرکردنی گۆڕان و یەکێتیش بە مسۆگەرکردنی کۆمەڵ  وزە و هێز بۆ کۆبوونەوەکەی رۆژی هەینی نێوانیان و  بردنەوەی گرەوی کۆبوونەوەکەی ١٨ی مانگی پەرلەمانی کوردستان کۆدەکەنەوە.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-02-14
زیاتر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]