سەردێڕ:
ڕاپۆرت

سوپای ئەمریکا ئێران بە براوەی جەنگی داگیرکردنی عێراق دەزانێت

ڕۆژنامە :

توێژینەوەیەکى سوپاى ئەمریکا گەشتوە بەو ئەنجامەى "ئێرانى پاوانخوازو سەرکێش و ئازا" وەک تاکە براوەى رووداوەکانى پاش گرتنى عێراق لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمەریکاوە دەردەکەوێت.

ئەم توێژینەوەیە کە لە ١٣٠٠ لاپەڕە پێکدێت و لە ساڵی ٢٠١٣ لەسەر راسپاردەی ڕیمۆند ئۆدێرنۆ فەرماندەی پێشوی ئەرکانی ھێزەکانی ئەمەریکا ، دەست بە ئامادەکردنی کراوە، بەڵام تەواوبوونی دواکەوتووە بۆ ساڵی ٢٠١٦، لەو کاتەشدا بەپاساوی ترس لە ئاشکراکردنی بڕیارەکان لەکاتی کێشمەکێشدا بڵاوکردنەوەی ڕاگیراوە.

توێژینەوەکە کە لەچەند رۆژی پێشوودا بڵاوکراوەتەوە زیاتر لە ھەزار بەڵگەنامەی لەگەڵدا ھاوپێچەو باس لە پرۆسەی داگیرکردنی عێراق دەکات لە ٢٠٠٣، پاشان کشانەوەی ئەمەریکا لە ٢٠١١ کە رێگای خۆشکرد بۆ ھاتنی داعش بۆ ئەم وڵاتەو ھۆکارەکانی شکستی ئەمەریکاش لە عێراق دیاریی دەکات.

ئامادەکارانی ئەم توێژینەوەیە جەخت لەوە دەکەنەوە ئێران سودمەندی یەکەم بووە لەڕووداوەکانی عێراق و لە ئیستاشدا ئەو وەک تاکە براوەی سەرەکی دەردەکەوێت. ھەروەھا ئەوەش دەخەنە ڕوو ڕاستە ئەمەریکییەکان پاش نۆ ساڵ لەکەوتنی سەدام لە عێراق کشانەوە بەڵام ئەو بۆشاییەی بەجێیان ھێشت لەلایەن داعشەوە پڕ کرایەوە، ئەمەش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ناچارکرد جارێکی تر ھێز ڕەوانەی عێراق بکاتەوە.

توێژینەوەکە ئەوەشی ئاشکراکردوە جەنگی عێراق و رۆڵی ئەمەریکا لەم وڵاتە جێگەی مشتومڕی بەردەوامی ڕای گشتی و چاودێرانی ئەمەریکایە بەھۆی جێکەوتەکانی ئەو جەنگە.

 لەیەکێک لەدەرەنجامەکانیشیدا توێژینەوەکە جەختلەوەدەکاتەوە کە شەڕی عێراق نەرێتە سیاسییە کۆنەکانی ئەمەریکای تێکشکاندووە لەبارەی پێویستیی جەنگی پێشوەختە بۆ بەرگرتن لە مەترسییە گریمانکراوو چاوەڕوانکراوەکان.

ئامادەکارانی ئەم پێداچونەوەیە جەختیشیان لەوە کردۆتەوە ھەمیشە تەکنەلۆجیای پێشکەوتوو ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی نوقسانییەکانی ھێزی کار، ھەروەھا جەخت لەوەش دەکەنەوە شەڕی عێراق تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتوو نەبووە بەھۆی تێنەگەشتنی ئەمەریکا لە سیاسەتە عێراقییەکان و کێشمەکێشی خوێناوی گروپە جیاوازەکان کە ھەمیشە ھۆکاری ئاڵۆزبوونی گرفتەکان بوون.

لە کۆتاییشدا توێژینەوەکە چەند ھۆکارێکی بۆ شکستی گرتنی عێراق لەلایەن ئەمەریکاوە دەستنیشان کردووە کە دەکرێت بەم جۆرەی خوارەوە ئاماژەی پێ بکرێت:

ـ کەمی ھێزە ئەمەریکییەکان لەسەر خاکی عێراق تا بتوانن بەسەر یاخیبووە سوننەکان و میلیشیا شیعییەکاندا سەربکەون.

ـ شکستھێنانی ئەمەریکا لە سنوردانان بۆ ئێران و سوریا کە ھەردووکیان پەناگەو داڵدەدەری چەکدارە یاخییەکانی شیعەو سوننە بوون و ھیچ کات ئەمەریکا پلانی بۆ ئەمە نەبووە.

ـ وڵاتانی ھاوپەیمانی ئەمریکا ھێزی پێویستیان نەنارد بۆ عێراق و بەم پێیەش ھاوپەیمانێتی ڕاستەقینە بوونی نەبووە.

ـ شکستی ئەمریکا لە مەشقپێکردن و ڕاھێنانی ھێزگەلێکی عێراقی کە بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن. بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو ھێزە عێراقییەکان لاواز بوون و ئامادەی وەرگرتنی سەروەری خاکی وڵاتەکەشیان نەبوون.

ـ بڕوابوون بەوەی دەکرێت دیموکراسی ببێتە ھۆی ئۆقرەیی، لەکاتێکدا بەپێچەوانەی ئەمەوە ھەڵبژاردنی ٢٠٠٥ کێشەو گرفتەکانی لەعێراق زیاترو قووڵتر کردۆتەوە.


ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-01-24
زیاتر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]