سەردێڕ:
زێدنیوز
تەندروستی

بۆچی هەست بە ماندوێتی دەکەین وێڕای ئەوەی زۆریش دەخەوین؟

ڕۆژنامە :

پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی ڕێنمایی دەدەن بەوەی شەوانە بەلایەنی کەمەوە هەشت کاتژمێر بخەوین، بەڵام هەندێك کەس هەن کە وێڕای ئەوەی زوو دەخەون و ماوەی خەوتنیان زیاتر لە ١٠ کاتژمێرە، هەست بە ماندوێتی بەردەوام و خەواڵویی دەکەن و پاش هەستان لە خەو نیشانەکانی ماندوێتییان لەسەر دەردەکەوێت.

بەگوێرەی ماڵپەڕی "ھایل براکسیس"ی تەندروستیی ئەڵمانی ئاماژە بەوەکراوە، ئەگەر ئەمە ببێت بە حاڵەتێکی بەردەوام ئەو کاتە بە ماندوێتی درێژخایەن ناودەبرێت، بەجۆرێک ماندوێتییەکە بەدرێژایی ڕۆژ بەردەوام دەبێت ئەمەش دەکرێت ئاماژە بێت بۆ کێشەی تەندروستی درێژخایەن، لەوانەش:

١. کەمی ئاسن:

ئەوەی ھەست بە ماندوێتی بەردەوام دەکات وزەی جەستەی کەمە و دەبێت پشکنین بۆ ڕێژەی ئاسن بکات لە جەستەیدا، چونکە ماندوێتی بەردەوام دەکرێت ئاماژە بێت بۆ کەمیی ڕێژەی ئاسن لە خوێندا، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر گواستنەوەی ئۆکسجین دەبێت بۆ خانەکانی جەستە لە خڕۆکە سوورەکانەوە.

٢. کەمیی ڤیتامین B١٢:

نیشانەکانی کەمیی ڤیتامین B١٢ ھەمان نیشانەکانی کەمیی ئاسنە لە جەستەدا بۆیە ئاسان نییە بزانرێت کامیان لە جەستەدا کەمە، بۆیە دەبێت پشکنینی پزیشکی بکرێت، ئەم جۆرە ڤیتامینە زیاتر لە ماسی سەلەمون، گۆشتی مانگا، شیرەمەنییەکان و ھێلکەدا بەبڕێکی زۆر ھەیە.

٣.  نەخۆشی شەکرە:

ماندوێتی و شەکەتی بەردەوام دەکرێت بەھۆی نەخۆشی شەکرەوە بێت، چونکە کەمیی ھۆرمۆنی ئەنسۆلین لە جەستەدا وادەکات کاربۆھیدراتەکان بەباشی لە جەستەدا وەرنەگیرێت و دواتر نەکرێت بە وزە، لەم حاڵەتەشدا دەبێت سەردانی پزیشکی پسپۆڕبکرێت و پشکنینی گشتی بۆ خوێن و ڕێژەی شەکر بکرێت.

٤. کەمیی جوڵە:

ئەو کەسانەی لە زۆرینەی کاتەکانیان لەبەردەم کۆمپیوتەردا بەسەردەبەن و یاخود زیاتر دادەنیشن ھەست بە ماندوێتی بەردەوام دەکەن، بۆ بەدووربوون لەم حاڵەتەش باشتروایە وەرزشبکرێت بەتایبەت لە کەشی پاکدا، چونکە یارمەتیدەرە لە چالاکبوونەوەی سووڕی خوێن و تەندروست بوونی جەستە.

٥. کەم خواردنەوەی شلەمەنییەکان:

پزیشکان و پسپۆڕانی تەندروستیی رێنمایی دەدەن بەوەی ڕۆژانە پێویستە بەلایەنی کەمەوە لیتر و نیوێک ئاو بخورێتەوە، لەحاڵەتی نەخۆشی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرما و وەرزشکردنیشدا دەبێت ئەو بڕە زیاد بکرێت، چونکە خانەکانی جەستە ئەگەر بڕی پێویستی شلەیان نەبێت ئەوا بەباشی کارناکەن.

٦. دژە ھستامین:

ئەو کەسانەی کە لە وەرزی بەھاردا ھەستیارییان ھەیە دەرمانی دژە ھەستیاری "دژە ھستامین" بەکاردەھێنن، ئەم دەرمانانە ھەستیاریی کەمدەکەنەوە بەڵام دەبنە ھۆی ھەستکردن بە ماندوێتی و خەواڵوویی زۆر، بۆیە پزیشکان ڕێنمایی دەدەن بەوەی پێش خەوتن بخورێت تاکو لە بەیانیدا کاریگەری کەمببێتەوە و جەستە چالاک ببێت.

٧. کێشەکانی غودەی دەرەقی:

کاتێک کێشەیەک لە غودەی دەرەقیدا ھەبێت کاریگەری لەسەر ھەموو جەستە دروستدەکات، چونکە غودە بنکەی ھۆرمۆنەکانە لە جەستەدا، جگە لەوەی کۆنترۆڵی کرداری زیندەپاڵ دەکات کاریگەری لەسەر بەشەکانی دیکەی جەستە ھەیە.

کاتێک غودە بەباشی کارنەکات ھۆرمۆنەکانی سیرۆکسین و سیانە یۆدسیرۆنین بەباشی بەرھەم نایەن، ئەمەش کاریگەری لەسەر ئەندامەکانی دیکەی جەستە دەبێت و لێدانی دڵ کەمدەکاتەوە و ھەستکردن بە ماندوێتی زیاد دەکات.

لە ھەمان کاتدا زیادەڕۆیی چالاکی غودە ھۆکارە بۆ ھەستکردن بە ماندوێتی و خەواڵویی، چونکە خانەکان بڕێکی زۆری ئۆکسجین بەکاردەھێنن بەبێ ئەوەی پێویستبێت، ئەمەش وادەکات لێدانی دڵ زیاد بکات و ھەست بە دڵەراوکێ و لاوازیی بکرێت. بۆیە ئەگەر بەردەوام ھەستت بە ماندوێتی کرد لەگەڵیدا ھەستیاریت ھەبوو کێشت زیادی کرد و تەمبەڵبوویت باشتروایە بەزووترین کات سەردانی پزیشک بکەیت.






ئه‌م بابه‌ته   ‌ جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
2019-04-23
زیاتر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]