سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن لە هەرێم لە كوێی پێوەرە جیهانییەكاندایە؟

سەركۆ یونس - دلێر مەحمود
پڕۆسەی پەروەردە و فێرکردن لە ھەرێم لە کوێی پێوەرە جیھانییەکاندایە؟
سەرکۆ یونس - دلێر مەحمود
 

کۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیھانی دەربارەی فێرکردن لە ڕاپۆڕتی ساڵانەیدا ئاشکرایکرد، وڵاتی ( قەتەر) لەپێشەنگدایە و پلەی شەشەمە لەسەر ئاستی جیھانی و یەکەمە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و پاشانیشینی ئەردەنیش ئاستی لە ڕیزبەندییەکە دابەزیوە و وڵاتی میسر لە پێش کۆتایی ڕیزبەندییەکەیە! ئەمەش بەپێی ڕاپۆرتی کۆڕبەندەکە ھەریەکە لە وڵاتانی (لیبیا و سودان و سۆماڵ و عیراق و سوریا و یەمەن) پۆڵین نەکراوە، ئەویش بەھۆی نەبوونی ئاسانترین پێوەری دڵنیایی جۆری کە لەسەر ئەو وڵاتانە جێبەجێ کراوە.
ڕاپۆرتەکەی کۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیھانی بۆ لایەنی کواڵیتی فێرکردن (١٤٠) وڵات دەگرێتەوە.
سەنگافورە، یەکەمی ڕیزبەندییەکەیە و قەتەر شەشەمی جیھانە و یەکەمی وڵاتانی عەرەبییە، ئاستی فێرکردن لە وڵاتانی دیکەدا بەم شێوەیەیە: سەنگافورە پلەی یەکەمە و پاشان سویسرا و فنلەندا و ھۆڵەندا و ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا پلەی ھەژدەھەمینە و دواتر دانیمارک و سوید بەدوایدا دێن، ھەروەھا ئەڵمانیا پلەی بیستەمە و فەڕەنسا بیست ودوو ئوسترالیا سی و یابان سی و یەک و ئیسپانیاش پلەی چل و حەوتی وەرگرتووە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە تورکیا لە پلەی نەوەد و پێنجەمە و لە وڵاتانی عەرەبیشدا ئیماراتی عەرەبی یەکگرتوو پلەی دەیەمی وەرگرتووە و سعودیەش پلەی پەنجا، لەکاتێکدا وڵاتی میسر پلەی پێش کۆتایی وەرگرتووە واتە (١٣٩)مین وڵاتە لەکواڵیتی لایەنی فێرکردندا.
ئەمەش لەکاتێکدایە ئەم ڕاپۆرتە پشتی بەستووە بە کۆمەڵێک پێوەر کە کۆڕبەندی داڤۆسی ئابوری جیھانی دایڕشتوە و پێکھاتووە لە (١٢) پێوەری سەرەکی:
١-دامەزراوەکان و بیناکان.
٢-داھێنان.
٣-ژینگە.
٤-ئابوری ھەموەکی.
٥-تەندروستی فێرکردن.
٦-فێرکردنی زانکۆیی.
٧-ڕاھێنان.
٨-توانای بازاڕی شمەک.
٩-توانای بازاڕی کار.
١٠-پێشکەوتنی بازاڕی دارایی
١١-ڕەگەزی تەکنۆلۆژیا.
١٢-قەبارەی بازاڕ و گەشەسەندنی کارەکان.

ڕاپۆرتی پێودانگی بیرسون
لەگەڵ سەرھەڵدانی پێشبڕکێی تەکنەلۆژی و زانیاری لە دونیادا، دڵنیایی جۆری فێرکردن ناپێورێت بە ناوبانگی زانکۆکان و خوێندنگە نێودەوڵەتیەکان، بەڵکو پێوەر ئاستی پڕۆگرامی خوێندن و ئاستی خوێندکارە کە بەرھەمی کۆتایی سیستمی فێرکردنە.
لە ھەموو وڵاتێکدا چەندین دامەزراوەی جیھانی ھەیە کە ھەڵدەستن بە ھەڵسەنگاندنی ئاستی فێرکردن و‌ئەم دامەزراوانە جیاوازییان ھەیە لە ڕووی ئامانج و ھۆکارو و ئەو لایەنەی پڕۆژەکە پارەدار دەکات.
بۆ نموونە پێوەی بیرسون ئاماژە بۆ فێرکردن و کارامەیی و زانیارییەکان و بەدەستھێنانی توانای زانستی جیھانی لە پۆڵینەکەیدا پێنج ووڵات ھەیە کە یەکەمن لە فێرکردنی بنەڕەتی، بە پشتبەستن بە چەند تاقیکردنەوەیەکی نیودەوڵەتی لەوانە:
١.ئاستی پێشکەوتن لە خوێندن و نووسینی نێودەوڵەتی ناسراو بە(بیرلز- Progress in International Reading Literacy Study (PIRLS).
٢.ئاڕاستەکانی نێودەوڵەتی بەدەستھێنانی خوێندن لە بیرکای و زانست ناسراو بە (تیمس- Trends in International Mathematics and Science Study (TIMSS).
٣.بەرنامەی نێودەوڵەتی ھەڵسەنگاندنی خوێندکار ناسراو بە (بیزا-Program for International Student Assessment).

لەئەنجامی بەشداریکردنی قوتابییەکان لەم تاقیکردنەوە نێودەوڵەتییانە بۆ ساڵـی (٢٠١٨) ڕیزبەندی ( ١٠) ووڵاتی یەکەم بەمشێوەی بوو:
کۆریای باشور بە پلەی یەکەم و ژاپۆن لە پلەی دووەم و سەنگاپورە سێیەم و ھۆنگ کۆنگ چوارەم و فنلەندا پێنجەم وە وڵاتەکانی بەریتانیا و کەنەدا و ھۆڵەندا و ئیرلەندا و پۆڵەندا بەدوایاندا دێن.
بە گەڕانەوە بۆ ڕاپۆرتی کۆربەندی ئابوری جیھانی دوو حاڵەتی نوێ بەدی دەکرێت کە پێویستە ئاماژەی بۆبکەین، کە لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنانە دێت لە سیستمی فێرکردندا ئەنجام دراوە ‌پێگەیەکی بەرزیان بەدەستھێناوە لە لیستی دڵنیایی جۆری لە فێرکرندا.
میرنشینی قەتەر بە پلەی شەشەم لە جیھان و یەکەمی ووڵاتانی عەرەبیدایە، پێشکەوتنی قەتەر لە وڵاتانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا لە ڕاکێشانی ئاسانی توانستە پیشەییەکان بۆ ناو بازاڕی ووڵاتەکە، بەپێی ڕاپۆرتی کۆڕبەندی ئابوری جیھانی لەژێر ناونیشانی (پاشەڕۆژی ھەلـی کار و لێزانینەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا ئامادەکاری ھەرێمایەتی بۆ شۆڕشی پیشەسازی چوارەم) ڕاپۆرتەکە توانستی بازاڕی کار و پێشکەوتن لەسەر ئاستی چاکسازی بەستوەتەوە بە دەرھاوێشتەی فێرکردن، پاش ئەوەی قەتەر پێش وڵاتانی ناوچەکە کەوتووە لەسەر ئاستی دڵنیایی جۆری، ھەروەھا لەسیستمی فێرکردن توانیویەتی پلەی ( ٥.٦‌)ی دڵنیایی جۆری بەدەست بھێنێت، ھەروەھا ئەزمونی وڵاتی قەتەر بەیەکێک بە ئەزمونە سەرکەرتوەکان ئەژمار دەکرێت، دوای ئەوەی دەستپێشخەری و ئامانجەکانیان بۆ ساڵی (٢٠٣٠)دانا و داھاتی بەدەستھێنراو لە سامانی نەوت و غاز خرایە خزمەت بواری گەشەپێدان و فێرکردنەوە و ئامانجیان پێشخستنی توانای مرۆڤ بوو لە ڕێگای پڕۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆیی و سوود وەرگرتن لە ھونەری فێرکردنی زانکۆیی نوێ لەدەرەوە و جێبەجێکردنی ئەزمونی وڵاتە سەرکەوتوو و پێشەنگەکانی جیھانی، وڵاتی قەتەر زیاتر لە (%١٢) خەرجییەکانیان بۆ بواری فێرکردنە واتە بەنزیکەی (٦ ) ملیار دۆلار ساڵانە و بڕیارە تا ساڵی (٢٠٢٥) خەرجی فێرکردن بگاتە سەروو (٤١) ملیار دۆلار.

سەنگافورە نمونەی سەرکەوتن.
وڵاتی سەنگافورە مۆدێلێکی دیکەی ئەم پێوەرانەیە و لەماوەی (٥٠) ساڵی ڕابردوودا لە دوورگەیەکەی نەخوێندەواری ھەژار بووە بە وڵاتێکی پیشەسازی گەشەسەندوو کە ئاستی ژیانی دانیشتوانەکەی ھاوتای ووڵاتانی پێشکەتوویی پیشەسازیە.
لەبواری فێرکردندا لە پلەی یەکەمی جیھاندایە، ھۆکاری ئەم گوڕانکارییە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو باوەڕەی (لـی کوان یو) سەرۆک وەزیران ھەیبوو کە فێرکردن ھۆکاری یەکلاکەرەوەیە لەگەشەپێدانی ھێزی کارکردن و بەدیھێنانی ئامانجەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی. دەستی بە دوو دەسپێشخەری کرد:
یەکەم: (خوێندنگا بۆ بیرکردنەوە، نەتەوە فێردەبێت) مەبەست لێی دەستەبەرکردنی خوێندن بۆ ھەموو تاکێک.
دووەم: (فێرکردنی کەم، فێربوونی زۆر) کە زیاتر گرنگی بدرێت بە ناوەڕۆک.
ئەم دوو دەستپێشخەریە لەسەر چوار ڕەھەندی سەرەکی کاری لەسەر کرا:
١- پێداچوونەوە بە کرێی مامۆستایان و فێرکاراندا.
٢-پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بەسەرکردە و بەڕێوەبەرانی خوێندنگاکان و سەربەخۆییان.
٣-لابردنی پشکنین و نوێکردنەوەی جیاکاری خوێندنگاکان.
٤-دابەشکردنی خوێندنگاکان بۆ بەش و کۆمەڵەکان.
لەڕاستیدا ھەستانەوە و پێشخستنی کواڵیتی فێرکردن پێویستی بەگۆڕانکاری ڕیشەیی لەم ھۆکارانەی خوارەوە ھەیە:
١-ئامادەکردنی مامۆستایان بەشێوەیەک کەبەرزترین کواڵیتی بێت.
٢-پێشکەشکردنی باشترین پڕۆگرامی فێرکردن کە گەشە بدات بەلایەنی بیرکردنەوە و ئامانج لێی پڕکردنەوە و داواکاری بازاڕی کار بێت.
٣-ھاندانی بەشداریپێکردنی خوێندکاران بۆ چالاکی و سوود وەرگرتن لەھۆکارەکانی بەردەست.
٤-دابینکردنی ئامێرو ھۆکارەکانی فێرکردن لە بینای خوێندنگە و سەرجەم پێداویستییەکانی تر
ئامانجی سەرەکی لەم بابەتە بەراووردکردنی ھەرێمی کوردستان نییە لە دڵنیایی جۆری پەروەردەکردن و فێرکردن، چونکە دەوڵەتی عیراقیش کە وەک ھەرێم ھەژماکراوین لەگەڵیدا لەم ڕاپۆرتەدا یەکێکە لەو شەش وڵاتەی کە دوور خراوەتەوە لە پۆڵینکردنەکەدا، بەڵکو ئێمە ئێستا لە کوێی کارکردن و خۆئامادەکردنداین بۆ ئەوەی پۆلێن بکرێن و بچنە پێشەوە یان بە واتایەکی تر ئایا دەستمان کردوە بە جێبەجێکردنی پێوەرەکان؟ لە پای ئەو دەرئەنجامانەی کە پڕۆسەی فێرکردن لەو وڵاتانە بەدەستی ھێناوە زۆر لە چاکسازی ڕامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتی و شارستانی وا دەردەکەوێت تەنھا ئەوەی لە وڵاتی ئێمەدا دەگوزەرێت ھەڵمەتێکی نەھێشتنی نەخوێندەواریە! وە بۆ ھاتنەسەر ڕێگای دەستکردن بە چاکسازی و گۆڕانکاری ھەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی دڵنیایی جۆری لە فێرکردندا.
لە ساڵـی (٢٠٠٩) ‌وەزارەتی پەروەردەی عیراق و ھەرێم پڕۆژەیەکیان دەستپێکرد لە ژێر ناونیشانی (پشتگیری کردن بۆ باشترکردنی کواڵیتی فێرکردن لە قوتابخانەکانی عێراقدا) وە لە لایەن ناوەندی ڕۆشنبیری بەریتانی (British council) ڕاھێنەری بکرێت و بە دەستەبەرکردنی دارایی ڕێکخراوی یونسیف و یەکێتی ئەوروپا. لەژێر ناوی (بنیادنانەوی تواناکانی فێرکردنی سەرەتایی و دواناوەندی) بە ئامانجی چاککردنی جۆری لە فێرکردن و یەکسانی لە ھەلـی کاردا.
بەڵام بەداخەوە ئەم پڕۆژەیە نەتوانرا بەتەواوی جێبەجێ بکرێت لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار کەدەتوانین بڵێن یەکێک لە گرفتەکانی جێبەجێنەکردن شەڕی نەخوازراوی تیرۆر بوو لەگەل (داعش) و قەیرانی دارایی و دەرئەنجامەکانی ھەریەکە لە شەڕ و تەنگەژەی ئابووری و ئاوارەبوون ھۆکار بوون، سەرەنجام پڕۆژەکە وەک ئەوەی بۆی دانرابوو جێبەجێ نەکرێت و ڕاھێنەرە نێودەوڵەتییەکان گەڕانەوە بۆ بەریتانیا.
خۆشبەختانە ‌لەسەرەتای ساڵـی خوێندنی (٢٠١٧ _٢٠١٨) دەستکرایەوە بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە لە ھەرێم و عێراق، بۆ ئەم ‌مەبەستەش چەندین ڕاھێنەری سەرکردە ئامادەکران و بەشداری پێکران لە خولـی تایبەتدا بۆ ھەریەکە لە سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و مامۆستایان ئامادەکردنیان بۆ ووتنەوەی خولی تایبەت بۆ سەرجەم سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و ژمارەیەک لە مامۆستایان.
لە ھەرێمی کوردستان ساڵـی خوێندنی (٢٠١٧ – ٢٠١٨ ) قۆناغی کۆتایی پڕۆژەکە کەوتە بواری جێبەجێکردن کە پڕۆسەیەکی نوێ بوو بەناوی (ھەڵسەنگاندنی دەرەکی) کە بەشێوەیەکی ئەزموونی لە (١٧٧ ) قوتابخانە ئەنجام درا.
لە ساڵی خوێندنی (٢٠١٨ – ٢٠١٩ ) پڕۆژەکە لە (٦٥٤ ) قوتابخانەدا جێبەجێ کرا بەشێوەیەکی پراکتیکی بە گۆڕینی شێوازی سەرپەرشتیکردن و ھەڵسەگاندن کە بریتی بوو لە:
١- گۆڕینی شێوازی سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی و ھێنانەکایەی چەمکی (ھاوڕێی ڕەخنەگر– critical friend)
٢-ئەنجامدانی ھەڵسەنگاندن لە لایەن لیژنەیەک لە دەرەوەی قوتابخانە، ئاستی جێبەجێکردنی ئەو (٢٥) ستاندارەیە دیاریکراوە بۆ جێبەجێکردنی.
پۆڵێنێکی تر کە لە ڕاپۆرتەکەی کۆڕبەندی ئابووریدا ھاتووە ئاستی دڵنیایی جۆری (زاست و بیرکاری) وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت دەرکەوتن و ھاتنەپێشەوەی بۆ لوتکەی ڕیزبەندیەکە لە کۆپی ساڵی (٢٠١٨ ) ووڵاتانی نوێ و لە ناویاندا وڵاتانی عەرەبی، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جێبەجیکردنی بنەماکانی دڵنیایی جۆری لە کارگێڕی و پڕۆگرامەکانی ھەردوو وانەکە و بەشداریکردنی لە ھەڵسەنگاندنە جیھانیەکان بە تایبەت کە تاقیکردنەوەی ئاڕاستەکانی نێودەوڵەتی بەدەستھینانی خوێندن لە بیرکای و زانست (TIMSS) کە تاقیکردنەوەیەکی جیھانییە (٤ ساڵ) جارێک دەکرێت و لەلایەن دەستەی نێودەوڵەتی بۆ ھەڵسەنگاندنی کارامەییەکانی پەروەردەیی(of Evaluation the for Association International Achievement Educational ) کە بارەگاکەی لە ھۆلەندایە ئەنجام دەد‌رێت.
لە ھەنگاویکی تردا وەزارەتی پەروەردەی ھەرێم بە ھاوکاری ڕێکخراوی (یونیسیف) لە خۆئامادەکردنداین بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەی پێوەری (TIMSS)‌ کە لەڕێگەی پسپۆری نێودەوڵەتی پێوەرەکە سەرپەرشتی دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستە لە ڕێکەوتی (٢٤ /٤ ) تاقیکردنەوەیەکی ئەزموونی ئەنجام دەدرێت کە ژمارەیەک قوتابخانە دیاریکراوە بۆ پۆلی (٤) لە وانەکانی بیرکاری و زانست بە ئامانجی بەشداریکردن لەو پێوەرەدا، کە ھەریەکە لە حکومەت و وەزارەت و پڕۆگرامەکان و ھەموو کەسانی پەیوەندیدار دەخاتە ژێر ئەرکی بەرپرسیارێتی و بەرزکردنەوەی ئاستی دڵنیایی جۆری لە فێرکردندا. ئەمەش پرۆسەیەکی گەورەیە تائێستا چەند ھەنگاوێکی بۆ نراوە، بەھیوای ئەوەی ڕۆژێک بێت لە ڕیزبەندی وڵاتاندا جێگەی خۆمان بکەینەوە.

4/24/2019 12:48:20 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]