سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

‌مەگەر خەڵکیش هەر ئەمەی ناوێ ؟!

عەبدولستار مەجید
ھەر ھێزێکی سیاسیی، ئازادە لە شێوازی حزبایەتی و ئاراستەی سیاسەتکردن و مامەڵە و ڕێککەوتنەکانی لەگەڵ ئەوانی دیکە .
ئێمە بۆیە چەند ھێزێکی جیاوازین لە قەوارەی سیاسییدا، دیارە جیاوازیشین لە دید و دونیابینی و ئایدیا و .. ھتد.

بۆیە زۆر ئاساییە کە ھەریەکەشمان سیاسەتی جیاواز و بڕیاری جیاوازمان ھەبێ گرنگ ئەوەیە ھەر بڕیارێک بدەین، بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ئەو مەبادیئە ئینسانییانە لەبیر نەکەین کە بۆی دروستبووین و کارمان بۆ کردووە !

نە ئێمەمانان وەک ھێزی سیاسیی، نە خەڵکی کوردستانیش، کەسمان تاقەت و حەوسەڵەی ناکۆکیی و دژایەتیی و شەڕە قسەمان نیە، ئەگەر دەرفەت ھەبێ بۆ ڕەخنە لە ئەدای خراپی ٢٨ ساڵی حوکمڕانیی ھەرێمی کوردستان کە دوو حزب لێی بەرپرسن، چی مەعقولە ھێزەکانی تر لەسەر ئەوەی لە ھەنگاوێکدا لەوانی تر جیاوازترە، بکەونە شەڕە قسە و لەولاشەوە ئیعلامی دابەستە و سێبەری ئەملاولا خەریکی خۆشکردنی فیتنە و ناکۆکیی و شەڕە قسەی نێوانیان بێت ؟!

ئێمە وەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، لە بزوتنەوەی گۆڕان، لە یەکگرتووی ئیسلامیی، لەوانی تریش جیاوازن ئەوانیش لە ئێمە جیاوازن، بەڵام ھونەر لە مامەڵەکردن و ھاوڕێیەتی و پێکەوەییدایە بەو جیوازییانەوە .

جا ئەمە ئەکرێ ھەرکاممان جیاوازبووین، یان بڕیارێکی جیماندا ئیتر ئەوانی تر بکەونە گیانی و لە پشتی دەیان پەیجی ساختەوە کەسایەتیی سیاسیی و مەعنەوی بشکێنن ؟!

لە ڕاستیدا ئەمە ڕەفتارێکی قێزەونە و ئێمەمانان نابێ چاولێکەری ئەتوار و ڕەفتاری لەوجۆرە بین، لەبری ئەوە ھەمووان پشتی یەکتر بگرین لەپێناو ئەو ئامانجانەی ساڵانێکە دەستی یەکتریمان لە پێناویدا ناوەتە دەستی یەک .

ڕونتر بڵێم; گۆڕان ھێزێکی سیاسیی سەربەخۆیە خۆیان بەرپرسن لەو بڕیار و قەناعەتە سیاسییانەی ھەیانە، تەمەننا دەکەین ڕێکەوتن و چوونە حکومەتیان بەخێر و خۆشیی بۆ خەڵک تەواو بێت و ئەوانیش و پارتیش عیبرەتیان لە ناکۆکیی و ھەڵەکانی ڕابردوویان وەرگرتبێ .
مەگەر خەڵکیش ھەر ئەمەی ناوێ ؟!

لە کۆتاییدا ئێمە لانیکەم وەک کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، خاوەنی دید و دونیابینی و ئەخلاق و مەبدەئی سیاسیی و ئبسلامیانەی خۆمانین، ھەروەک خەریکی کار و پرۆژە سیاسیی و ئیسلامییانەی خۆشمانین، نە دەبینە بەشێک لە ناکۆکی و شکاندنی بەرامبەرەکانمان، نە جیاوازبوونیش بە تاوان و ھەڵە دەزانین، لەو چەندین ساڵەشی کاری ھاوبەشمان کردووە، بایی ئەوەندە لەیەک تێگەیشتووین کە ڕێزی یەک بگرین !

عەبدولستار مەجید
ئەندامی ئەنجومەنی سیاسیی کۆمەڵ
سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ
4/1/2019 6:14:07 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]