سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

دوای شۆرش چی؟

سەرکەوت شەمسەدین
ھیچ گومانم لەوەنییە گەلی ئێمە ھیچی لە گەلی تونسی و میێری کەمتر نییە بۆ ئەوەی شۆرشێکی مەدەنی سەرپێ بخات، گومانیشم نییە ھیچ کات ھێزە دەسەڵاتخوازەکانی کوردستان زۆر لەوە لاوازترن خۆیان لەبەردەم تورەیی خەڵک دابگرن. 

ھەرگیز نابێت پێمانوابێت کە بۆ ئەوەی شۆرشی مەدەنی سەرپێبخرێت پێویستە خەڵک لەوپەری توەرەییدا بێت، بەپێچەونەوە بەشێکی زۆری شۆرشەکان لە لوتکەی بێ ھیوایی و شکست دا دەتەقێتەوە و ئەوەی مەترسیداریشە ئەمجۆرە شۆرشە چاوەروان نەکراوە و شێوەی ھەرەمەکی و بێ سەرکردەی کاریزمییە و بێ بونی ھێز و بزوتنەوەی رێکخراوە (بەپێچەوانەی شۆرشەکانی غاندی و مارتن لوسەرگینگ و ماندێلا).

بۆیە پرسیارەکە لەسەر روخان و نەروخانی دەسەڵات نییە، ھەر ھێزێک مل بۆگەمەی دیموکراسی نەدا عاقیبەتەکەی ھەر روخانە وەک موبارەک و بوتەفلیقە بەشیر بێت یان وەک قەزافی.

پرسیاری جدی بۆ ئێمە ئەوەیە دوای شۆرش چی رودەدات و چۆن رودەدات؟ چونکە ھیچ شتێک ھێندەی نەمانی دەسەڵات و دروستبونی بۆشایی ئەمنی مەترسیدار نییە بۆ ھێزە دیموکراتخوازەکان، چونکە تەنیا بە بونی دامەزراوەکان ئامانجەکانی دیموکراتی بەدەستدێن، دیموکراسی پرۆسەیە و پرسێکی رۆژانەیە کە کۆمەڵێ یاسا و دامەزراوە لەسەر بنەماکانی دیموکراسی ژیانی ھاوڵاتیان وکێبرکێی گروپە جیاوازەکان بەشێوەیەکی ئاشتیانە رێکدەخات.

بەپێچەوانەوە ھێزە مەترسیدار و باند و گروپە سیاسیە رادیکاڵەکان نەمانی سوڵتە دەکەن دەرفەت بۆ جێگیرکردنی پێگەی خۆیان لەسەر حسابی خەباتی مەدەنی گەل.

ئەوەی وادەکات تونس وەک لیبیای لێبەسەر نەیەت بریتییە لە بونی ھێزی دیموکراتخواز و ئامادەساز کە دوای نەمانی نیزامی سیاسی کاریان نەکرد بۆ لەبەریەک ھەڵوەشاندنی دامەزراوەکان و خەڵکانی خاوەن روئیا و خەونی دیموکراتیانە بون، دەستبەجێ دەستوریان نوسیەوە، نەک پەلاماری بیرەنەوت مەنفەزی سنوری و بانقەکان تاڵانبکەن، بینای دەوڵەت بکەنە بارەگای حیزب وسەرۆک حیزب، گروپی میلیشیا دروستبکەن.
بەپێچەوانەوە لە لیبیا گروپ و خێڵ و مافیای نەوتی ھەریەکەیان لە کونجێکەوە دەستیان بە تاڵانکردن و فەرھود ە وێرانکردنی دەوڵەتکرد چونکە پێش شۆرش ئەوەی ھەبوو کۆبونەوەی کۆمەڵە خێڵ و گروپێکی مافیا ئاسا بوون نەک ھێز گەلی دیموکراتیخواز.

ھەرگیز بەتەمابە ھێزێک لەبری نوسینەوەیە دەستور یەکەم کاری دەستبەسەراگرتنی بیری نەوت بێت دامەزراوەت بۆ بنیات بنێ. ھێز گەلێک دوای ۲۸ ساڵ دەستوری نەنوسیبێتەوە بەڵام یاسای نەوت و بازاری ئازاد بۆ تێپەرێنێ شەکت نەبێ ئەوە ھیچ ئیمان دیموکراسی نییە و ھیچ روئیای دەوڵەتسازی نیە.

بەردەوامی ساختەکاری لە ھەڵبژاردن و دەستگرتن بەسەر سەروەت و سەرچاوەکانی داھات لەلایەن دوو بنەماڵەوە کۆتاییەکەی پێناچێ بە سندوقی دەنگدان بێت، بەڵام قەلەقی گەورە کۆتای ھاتنی ئەم دەسەڵاتە نیە بە تەنیا بەڵکو ئەوەی جێگەی دەگرێتەوە، چونکە دوای ۲۸ ساڵ لە حوکمی ێەدام ھێشتا ھەرێمی کوردستان وەڵامی دوای شۆرش و راپەرینی پێ نییە، جگە لە کێبرکێ لەسەر دەسەڵات (Power competition ) ھێشتا گەمەیەک بەناوی سیاسەت نەھاتۆتە ئاراوە، رەنگە گرنگترین کار بەر لەوەی لە کۆتای ئەم رژێمە نزیک ببینەوە ئەوەیە کۆمەڵگە بە سیاسەت (حزبایەتی نا) ئاشنابکەین و گفتوگۆی سیاسی سەرپێبخەین. 

کەواتە ئەگەر کۆمەڵگەیەک گفتوگۆی سیاسی دەستپێنەکردبێ دەکرێ خەونی دیموکراتیزەکردنی ھەبێت؟

4/11/2019 10:36:02 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]