سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

پاشەکەوت بدەنەوە، ئینجا قەرز وەربگرنەوە

مەم بورهان قانع
وەزارەتی دارایی ھەرێمی کوردستان، لە ھەوڵی ئەوەدایە، لە مانگی داھاتوەوە، قەرزی پێشینەی خانوبەرەی سەر موچەخۆران لە رێژەیەک لە موچەکانیان ببڕێت، ئەمە لە کاتێکدایە ھەر فەرمانبەرێکی ئاسایی، چەندین ملیۆن دینار پاشەکەوتی موچەی لەلای حکومەتی ھەرێمی کوردستانە.

ئێمە لە فراکسیۆنی "نەوەی نوێ" لە پەرلەمانی کوردستان، لە پڕۆژە یاسایەکمان دا بۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان، کە دوێنێ (٢٦/ ٣/ ٢٠١٩) پێشکەشمانکرد، پێشنیازمان کردوە: دەبێت قەرزەکانی ئاو و کارەبا و پێشینەی خانوبەرە و ھەمو ئەو باجانەی دیکە، کە وەکو قەرزی حکومەت لە لای موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان کەڵەکەبوە، ھەر ھەموی لە بەشێکی ئەو پارە پاشەکەوتەی موچەخۆران ببڕدرێن، کە سێ ساڵە لەسەر حکومەتی ھەرێم کەڵەکەبوە و تائێستا دینارێکی نەداوەتەوە بە موچەخۆران.

دەبێت بەر لەوەی حکومەت بە پەلە بێت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی، پاشەکەوتە کەڵەکەبوەکانی موچەخۆرانی غەدرلێکراوی ھەرێم بداتەوە، کە بڕیاری بەناو "پاشەکەوتکردن!"ی موچە، بڕیارێکی نایاسایی بوە، سەرەڕای ئەوەی تاوانێک بوە و بەرانبەر بە موچەخۆران کراوە.

ھەر رێنماییەکی وەزارەتی دارایی ھەرێم، یان حکومەتی ھەرێم؛ بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی سەر موچەخۆران، بێئەوەی پاشەکەوتە کەڵەکەبوەکانیان بداتەوە، بڕیارێکی نابەرپرسیارانەیە و دەبێت بێدەنگیی لێنەکرێت و ئەولەوییەتیش بۆ دانەوەی پاشەکەوتە کەڵەکەبوەکانی موچەخۆران بێت، نەک دانەوەی قەرزەکانی حکومەت. وەکچۆن دەبێت دانەوەی ئەو قەرزانەی حکومەت، لە چوارچێوەی پاشەکەوتە کەڵەکەبوەکاندا بێت.
3/27/2019 10:56:14 AM
بابەتەکانی تری نوسەر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]