سەردێڕ:
زێدنیوز
وتار

چۆن "شاسوار عەبدولواحید" زیندانیی كرا؟

مەم بورهان قانع
چەند سەعاتێک لەمەوبەر، من و چەند ھاورێیەکم، لەگەڵ "شاسوار عەبدولواحید"دا، بە ئۆتۆمبێلێک بەرەو دادگای سلێمانی بەرێکەوتین و ھۆکاری چونەکەیشمان بۆ دادگای ناوبراو، بەھۆی ئەوەوەبو کە "شاسوار" دو سکاڵای لەدژ تۆمارکرابو و ئەویش وەکو رێزێک بۆ سەروەریی یاسا، چوە دادگا، بەڵام دادوەر بڕیاری دا بە حەپسکردنی.

حەپسکردنی "شاسوار عەبدولواحید" (کە تا نوسینی ئەم وتارە لە زیندانی سەربازگەی سەلام-ە لە راپەڕین-ی شاری سلێمانی)، بەھۆی شکاتێکەوەیە، کە بەپێی مادەی (٤٣٤)ی یاسای سزاکانی عیراقیی ژمارە (١١١)ی ساڵی ١٩٦٩، پێشتر لە دژی تۆمارکرابو.

ئەم وتارە، ئیستێ لەسەر رەھەندی بەسیاسیکردنی ئەم کەیسە یاساییە دەکات (کە ئەمە دوەمین جارە ئەم سیاسییە گەنجە، لە سایەی دەسەڵاتی کوردیی دا و لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا، زیندانیی دەکرێت):

ئەمڕۆ "شاسوار"، جیا لە سەرکردەی ھەر حزبێکی سیاسیی کوردیی لە باشوری کوردستان، رێزی دادگای گرت و بەپێی خۆی چوە بەردەمی دادگا. ھەڵبەتە، ئەمە منەتکردن نییە، بەڵکو ئەمە ھەڵوێستێکی مەدەنییانە و یاساییانەی سەرکردەیەکی سیاسیی گەنجە، کە ھەم متمانەی بەخۆی ھەیە، ھەروەھا رێزی دادگایش دەگرێت. بەڵام، کاتێ چوە بەردەمی دادگا، دوای زیاتر لە دو کاتژمێر ھاتوچۆ لەنێوان بنکەی پۆلیسی دادگا و لێکۆڵەری دادبینیی و دواتر دادوەر و جارێکی دیکە رەوانەکردنەوەی بۆ لای لێکۆڵەری دادبینیی و دواجار بە بڕیاری دادوەر، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر، بڕیاری حەپسکردنی بەسەردا سەپێنرا.

ئێستا قەناعەتێکی یەکلاکەرەوە لەئارادایە، کە ھەڵوێستی فەرمیی جوڵانەوەی "نەوەی نوێ" و ھەردو فراکسیۆنی ئەم جوڵانەوەیەیە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی کوردستان، ئەویش ئەمەیە: "ئەم کەیسەی "شاسوار عەبدولواحید" بە سیاسیکراوە" و ھەیشن دەپرسن: چۆن بەسیاسیکراوە؟! ئەوەتا فەرمانبەرێکی فڕۆکەخانەی سلێمانی و کارمەندێکی کۆمپانیایەک سکاڵایان لەدژی ئەم پیاوە تۆمارکردوە و بەو ھۆیەوە زیندانیکراوە، نەک دەسەڵات سکاڵای لەدژ تۆمارکردبێت!

بۆ ئەوەی بەرچاوی خوێنەران لەسەر ئەم قەناعەتە رونبکەمەوە، کە ئەم کەیسە یاساییە بەسیاسیکراوە، پێویستە بچینەوە بۆ دەقی ئەو مادە یاساییەی "شاسوار"ی پێ حەپسکراوە، کە ئەویش مادەی (٤٣٤)ی یاسای سزاکانی عیراقییە.

بەپێی مادەی (١١٠) لە "یاسای ئوسوڵی دادبینیی سزایی"ی عیراقیی: "- ئەگەر کەسی دەستگیرکراو بە تۆمەتێک کە حەپسکردن بێت بۆ ماوەیەک، کە کەمتر بێت لە سێ ساڵ، یان بە غەرامەکردن، لەسەر دادوەرە پاڵپشت بە داخوازییەکی پێشکەشکراو بۆ کەفالەت، یان بێئەوەیش، ئازادی بکات، ئەگەر زانرا ئازادکردنەکەی زیان بە رێچکەی دادگاییکردنەکەی ناگەیەنێت، یان نابێتە ھۆی راکردنی.

- کەسی دەستگیرکراوی تۆمەتبار بە سەرپێچیکردن، نابێت دەستبەسەربکرێت، تەنھا لەوکاتەدا نەبێت کە شوێنێکی دیاریکراوی نیشتەجێبونی نەبێت".

کەواتە:

پرسیارەکە ئەمەیە: ئایا دادوەر حوکمێکی دادوەرانەی داوە، یان لەم پرسەدا "دڵڕەقیی" و بەلارێدابردنی یاسا ھەیە و یاسا وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە؟

ئەگەر دیققەتی ئەم مادەیەی "یاسای ئوسوڵی دادبینیی سزایی"ی عیراقیی بدەین، بۆمان روندەبێتەوە:

١- بەھۆی ئەوەی مادەی ٤٣٤ی یاسای سزاکانی عیراقیی، حوکمەکەی ناگاتە ساڵێک، یان غەرامەکردنی ١٠٠ دیناری عیراقییە، یاخود بە یەکێک لەو دو سزایە، ئەوا دەبو "شاسوار عەبدولواحید" دەستبەسەرنەکرایە، چونکە حوکمەکەی (ئەگەر تەنانەت تۆمەتەکەیشی بەسەردا ساغبکرێتەوە و تەنانەت قورسترین سزایش بدرێت)، حوکمەکەی ناگاتە ساڵێک و ئەمەیش کەمترە لەو ماوەیە، کە لە مادەی ١١٠ی یاسای "ئوسوڵی دادبینیی سزایی"ی عیراقیی دا ھاتوە.

٢- بەوپێیەی شوێنی نیشتەجێبونی تۆمەتبار رون و ئاشکرایە، ئەمەیش جەخت لەسەر ئەو خاڵەی دیکەی مادەی ١١٠ دەکاتەوە، کە ناکرێت تۆمەتبارەکە دەستبەسەر بکرێت و بخرێتە زیندانەوە.

کەواتە:

١- لە زیندانیکردنەکەی "شاسوار عەبدولواحید"دا، ھیچ حسابێک بۆ بڕگەی یەکەمی مادەی ١١٠ی یاسای "ئوسوڵی دادبینیی سزایی"ی عیراقیی نەکراوە و دەبو "رەبتی کەفیل" بکرایە. بۆیە، ئەم حسابنەکردنە، ئەو بۆچونە زیاتر تۆخدەکاتەوە کە ئەم کەیسە بە سیاسیکراوە.

٢- لە زیندانیکردنەکەی "شاسوار عەبدولواحید"دا، ھیچ حسابێک بۆ بڕگەی دوەمی مادەی ١١٠ی یاسای ناوبراو نەکراوە، کە شوێنی نیشتەجێبونی تۆمەتبار زانراو و ئاشکرایە. ئەمەیش ئاماژەیەکی دیکەیە کە ئەم کەیسە بەسیاسیکراوە، یان لانیکەم یاسا وەکو خۆی جێبەجێنەکراوە.

بۆیە:

سەرەڕای تۆخبونەوەی ئەو قەناعەتە کە ئەم کەیسە بەسیاسیکراوە، لەوەیش تێدەگەین کە:

١- کاتێ "شاسوار" دەچێتە بەردەمی دادگا، ئەمە جێگای منەت نییە بەسەر یاسا و دادگاوە، چ لەلایەن ناوبراوەوە بێت، یان لەلایەن جوڵانەوەی "نەوەی نوێ"وە، بەڵکو ئەمە جێی دەستخۆشییە کە ھاوڵاتییەکی ئەم ھەرێمە، کە سەرۆکی جوڵانەوەیەکی سیاسییە، رێزی یاسا و دادگا دەگرێت و بەپێی خۆی دەچێتە بەردەمی دادگا (کە پێویستە ھەموان وابن)، بەڵام سەرەنجام بەمشێوەیە مامەڵە لەگەڵ ئەم کەیسەدا دەکرێت.

٢- دیسانەوە ئەمە جێی منەت نییە، کە سکاڵالێکراوێک بچێتە بەردەم دادگا، تەنانەت ئەگەر سەرۆکی جوڵانەوەیەکی سیاسیی بێت و ھەشت کورسیی لە پەرلەمانی کوردستان و چوار کورسیی لە پەرلەمانی عیراقیی دا ھەبێت و سەرەڕای ئەو تەزویرانەی لە ھەڵبژاردنەکانی رابردودا بەرانبەر بە دەنگەکانی جوڵانەوەکەی کرا و ئێستا ھێزی چوارەمە و دەچێتە بەردەمی دادگا، ئێ خۆ دەبێت دادگایش ئەمە وا لێکنەداتەوە کە جێگای منەت نییە (وەکچۆن چ "شاسوار" و چ جوڵانەوەکەیش بە منەتی نازانن)، بەڵام ئەی ئەم دادگایە و دادگاکانی دیکەی ھەرێم و دەسەڵاتی "دادوەریی!" لە ھەرێمی کوردستان دا، چی دەڵێن بەرانبەر بەو سەدان بکوژ و تاوانبارانەی فەرمانی دەستگیرکردنیان ھەیە و خەڵکانی بێتاوانیان شەھیدکردوە و تەنانەت کارەکتەری پلە ھەزاری حزبەکانی دەسەڵاتیش نین، کەچی حزبەکانیان رادەستی دادگایان ناکەن، ئەی دەسەڵاتی قەزایی چی دەڵێت بۆ ئەم ریسواکردنە قەزاییە لە ھەرێمی کوردستان؟!

ئاخر دەسەڵاتێکی کوردیی لە ماوەی ٢٨ ساڵی حکومڕانیکردنی دا، ئامادەنەبێت سەدان تاوانبار بە کوشتن و ھەزاران بازرگانی ناشەرعیی نەوت و سامانی ئەم وڵاتە و ریسواکردنی دامەزراوە دەوڵەتییەکانی ھەرێم رادەستی دادگا بکات، بەڵام سەرۆکی جوڵانەوەیەکی سیاسیی (تۆ بڵێ ھاوڵاتییەکی ئاسایی)، بەپێی خۆی بچێتە بەردەمی دادگا و بەپێی حوکمی یاسایی مافی ئەوەی ھەبێت "رەبتی کەفیل" بکرێت، بەڵام بخرێتە زیندانەوە، ئەوا لە ساڵرۆژی راپەڕینی خەڵکی کوردستان دا، چی بە شەھیدانی راپەڕین و خەڵکی بەویژدان و بەشەرەفی کوردستان دەڵێت؟!

بەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگا، پەڵەیەکی دیکەی دزێو و رەش خرایە سەر ٢٨ ساڵەی ئەزمونی حکومڕانیی کوردیی و دادگاکانی ئەم حکومڕانییە.

دەستگیرکردنی "شاسوار عەبدولواحید"، تەنھا یەک لایەن ھەڵدەگرێت و دوەمیان نیە، کە ئەویش بە سیاسیکردنی ئەم کەیسە و بەلارێدابردنی دادگایە لە کوردستان و ناشیرینترکردنی دەسەڵاتی مافیاییە لە ھەرێمی کوردستان.
3/3/2019 1:22:33 PM
بابەتەکانی تری نوسەر...


© Copyright 2019 rojnama. All Rights Reserved.

         E-Mail: [email protected]